سەرۆک وەزیرانی عێراق رایدەگەیەنێت دەنگۆی هەڵوەشاندنەوە یاخود لاوازکردنی حەشدی شەعبی درۆیەو "دەزگا هەواڵگیرییە نێودەوڵەتییەکان هەوڵدەدەن بۆ لاوازکردنی دامەزراوەی حەشدی شەعبی لە عێراق."
بەپێی هەواڵ دەری ئەهلی بەیت.ع.ابنا: حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی عێراق ئەمرۆ سێشەممە لە کۆنگرەی رۆژنامەوانیی هەفتانەی خۆیدا لەبارەی شەڕی موسڵ-ەوە رایگەیاند "سەرکەوتووبووین لە شکستپێهێنانی پلانەکانی داعش و هەموو بڕیارەکانی مەیدانی شەڕ بەتەواویی عێڕاقیی بوون پارێزگاریکردن لە هاوڵاتیانی مەدەنی لە پێشینەی کارەکانمانەوە بووە."
29 ی حوزەیرانی ئەمساڵ، حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق، كۆتایی هاتنی "خەلافەتی داعش" ی لەموسڵ راگەیاند، ئەوەش دوای كۆنتڕۆڵكردنەوەی مزگەوتی نوری و منارەی حەدبا لەشارەكە، كە داعش سێ ساڵ لەمەوبەر "خەلافەتی" تێدا راگەیاند.
لەبارەی ئەو هەواڵ و دەنگۆیانەی باس هەڵوەشاندنەوە یاخود لاوازکردنی حەشدی شەعبی دەکەن دوای کۆتایی هاتنی شەڕ موسڵ، عەبادی وتی "هەموو ئەو دەنگۆیانە تەنها درۆن و دەزگا هەواڵگیرییە نێودەوڵەتییەکان هەوڵدەدەن بۆ لاوازکردنی دامەزراوەی حەشدی شەعبی لە عێراق."
هەروەها عەبادی باسی لەوە کرد هەموو هێزە ئەمنییەکانی عێراق لە ژێر فەرمانی دەوڵەتدا کاردەکەن و سوورن لەسەر بەدوورگرتنی هێزە ئەمنییەکان لە کاری سیاسیی، "هەوڵ هەیە بۆ کەرتکردنی یەکڕیزیی نیشتمانی لەرۆژەکانی سەرکەوتندا و هەڵگرساندنی ناکۆکی لە ئێستادا دەچێتە بەرژەوەندی داعشەوە."
لە بەشێکی دیکەی کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەیدا سەرۆک وەزیرانی عێراق باسی لەوە کرد لە ماوەی داهاتوودا لەگەڵ بانکی نێودەوڵەتی و سندوقی دراوی نێودەوڵەتی کۆدەبنەوە بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی دووبارە بنیاتنانەوەی ئەو ناوچانەی عێراق کە بەهۆی شەڕەوە زیانێکی زۆریان پێ گەیشتووە.